سزای زیندانی شەش ساڵ و سێ مانگ دژ بە چالاکوانی ژینگە پارێز و زیندانیەکی سیاسی پێشووی کورد درا
سزای زیندانی شەش ساڵ و سێ مانگ دژ بە مەهیار ئەحمەدی، چالاکوانی ژینگە پارێز و زیندانی سیاسی پێشووی کورد، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تورکیا پشڕاست کراوەتەوە.
مەهیار ئەحمەدی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە پاش ئەوەی لە هاوینی ساڵی 2023 لە هەوڵێکیدا بۆ چوون بۆ ئەوروپا لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەلایەن هێزە سنوورییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا، ڕووبەڕووی سزاکە بووەوە و ئێستا سزاکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پەسەند کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، مەهیار ئەحمەدی لە مانگی دووی 2017 لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سنە، دەستگیرکرا و ماوەی 30 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە بەهۆی چالاکی ژینگەپارێزی لەگەڵ ڕێکخراوێکی ناحکومی سەوزدا.
دواتر دوای دوو مانگ بە کەفالەت ئازاد کراوە پاشانیش لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕژێم حوکمی سێ مانگ زیندانی لەگەڵ حوکمی هەڵپەسێردراوی سێ ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێندراوە.
لە مانگی نۆی ساڵی 2022 هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی چالاکانە شانبەشانی هەزاران خۆپیشاندەری تر بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان کرد.
بەهۆی بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانەکاندا هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و ئەمەش فشاری بۆ برد لە مانگی یازدەی 2022 هەڵبێت بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق.
دوای ڕۆیشتنی ئەحمەدی، خوشکەکەی وەک تاکە ئەندامی خێزانەکەی کە مابووەوە، چەندین جار لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە بانگهێشت کرا و ڕووبەڕووی فشار بووەوە بۆ ئەوەی داوای گەڕانەوەی براکەی بۆ ئێران بکات، ئەمەش بەپێی دەنگی ئەمەریکا.
