سودانى بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانی: دڵسۆزانە کارمان کردووە بۆ ئەوەی عێراق لە پلەی یەکەمدا بێت
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کەحکومەت دڵسۆزانە کاری کردووە بۆ ئەوەی عێراق لە هەوڵەکاندا لە پلەی یەکەمدا بێت،جەختیشیکردەوە لە پەرۆشی بۆ پاراستنی عێراق و دەستورەکەی و پاراستنی سەروەری و سامانەکەی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی و هێزی ئابووری بۆ گەلەکەی.
سودانی لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاند،گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم عێراقییەکان دەکەم بەبۆنەی "ڕۆژی نیشتیمانی عێراق"ـەوە کە دەکاتە 3ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک لە یادی 93 ساڵەی ئەندامێتی وڵاتەکەمان لە باڵاترین دەستەی نێودەوڵەتیدا، کە لەلایەن هەموو گەلان و وڵاتانی جیهانەوە دانی پێدا دەنرێت.
وتیشی ئەم ڕۆژە کە تێیدا قەوارەی دەوڵەتی عێراقی مۆدێرن بەرجەستە دەبێت و بوونی هاوچەرخی لە واتا مێژوویی و شارستانی و کولتوورییەکەی بۆ عێراقی خۆشەویستمان و گەلە بەڕێزەکەمان بە هەموو پێکهاتە برایەتییەکانییەوە و قووڵایی مێژوویی و ئەوەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە لە گەشتەکەیدا بەرەو شارستانیەت، ئەو گەشتەی کە لە میزۆپۆتامیا دەستیپێکردووە.
ڕایشیگەیاند عێراقییەکان بە درێژایی مێژووی هاوچەرخیان خەباتێکی زۆریان کردووە، چ لە ڕۆژانی سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێوە بێت یان کاتی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بوونەتەوە و لەو ڕێگایە سەدان هەزار شەهیدیان داوە، لە پێناو ئەوەی عێراق سەربەخۆیی و سەروەری تەواوی خۆی بەدەست بهێنێت.
سودانی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی لەوەتەی ئەرکی جێبەجێکردنمان وەک سەرۆکی حکومەت گرتۆتە ئەستۆ، بە پەرۆشین بۆ پاراستنی عێراق و دەستورەکەی و پاراستنی سەروەری و سامانەکەی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی و هێزی ئابووری بۆ گەلەکەمان، هەروەک چۆن بە پەرۆش و دڵسۆزانە کارمان کردووە بۆ ئەوەی عێراق لە هەوڵەکانماندا لە پلەی یەکەمدا بێت و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا لە جێگەی شایستەی خۆیدا بێت.
