سودانى فەرمانی بە بەڕێوبەرانی بانکە حکومییەکان کرد پلان پێشکەش بکەن بۆ پەرەپێدانی کاری بانکەکان
لە چوارچێوەی بەدواداچوونی سەرۆک وەزیران بۆ ڕێوشوێنەکانی چاکسازی بانکی.
مەحەمەد شەیاع سودانى سەرۆک وەزیران بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی بانکە حکومییەکانی لەخۆ گرتبوو،
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە :-لەو کۆبوونەوەیەدا بەدواداچوونیان بۆ میکانیزمەکانی کار و ئەو ڕێوشوێنانە کرد کە لە چاکسازی بەڕێوەبردن و بانکیدا بەدەستیان هێناوە، و حکومەت دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کارکردن لە چاکسازی ئابووری گشتگیر لە وڵاتدا.
سودانی فەرمانی بە بەڕێوەبەرانی هەموو بانکە حکومییەکان کرد پلانێک ئامادە بکەن و لە ماوەی یەک مانگدا پێشکەش بکرێت، بۆ پەرەپێدانی کاری بانکەکان کە بریتییە لە بەکارهێنانی گونجاوی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی و تەکنیکی و گواستنەوە لە کاری کاغەزییەوە بۆ کاری ئۆتۆماتیکی و مامەڵەکردنی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو چالاکییە بانکییەکان و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەگەڵ پەرەپێدانی تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ بانکەکان لە بەخشینی ئاسانکارییەکانی قەرز و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کار، لەوانە ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردن.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەبەرانی بانکەکان هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانیان دەکرێت لە ژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی پلانەکە و بڕی دەستکەوتەکانیان.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی ئەو چاکسازییە ڕاستەقینەیەی کە حکومەت بە پەرۆشبوە بۆ بەدەستی هێنانی لەسەر بنەمای چاکسازی بانکییە و سوورە لەسەر ئەوەی بڕیاری بوێرانە بدات بۆ جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییە بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کارەکانی کەرتی گشتی و تایبەت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی بانکی گشتگیر کرا لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەرنامەی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە لە هەموو مامەڵە بانکییەکاندا، هەروەها تاوتوێی پلانی پەرەپێدان کرا کە لەلایەن کۆمپانیا (ئێرنست ئاند یۆنگ) ی نێودەوڵەتییەوە پێشکەشکراوە سەبارەت بە دووبارە پێکھێنانەوەی بانکی ڕافیدەین بۆ دڵنیابوون لە پەرەپێدانی کارەکانی و پێشکەش کردنی پاکێجێک لە خزمەتگوزاری بانکی یەکخراو بۆ هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان بە شێوەیەک کە هاوشێوەی بانکە نێودەوڵەتییەکان بێت، لەم بارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بە بەڕێوبەرانی بانکەکان کرد کە داوای یارمەتی لە شارەزاییانی نێودەوڵەتی بکەن لە ڕێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ ڕاوێژکارانی پسپۆڕ لە کاری بانکی و دارایی.
