سودانى پێشوازی كرد لە خێزانی کارمەندی فریاگوزاری ئەمەریکی کایلا مولەر کە لەلایەن داعشەوە کوژرا
لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، پێشوازی کرد لە خێزانی کەیلا مولەر هاوڵاتی ئەمەریکی کە لە ساڵی 2013 لەلایەن چەتە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ڕفێندرا لە شاری حەلەبی سوریا لە کاتی کارکردنیدا لە بواری پێشکەشکردنی فریاگوزاری مرۆیی و ساڵی 2015 کوژرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە:- بنەماڵەی قوربانییەکە نامەیەکیان ڕادەستی سودانی کرد و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد یارمەتییان بدات لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک بۆ گەیشتن بە ڕووفاتی کچەکەیان و گەڕاندنەوەی بۆ نیشتیمانی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەو پێیەی عێراق ئەمڕۆ ئەزموونێکی گەورەی هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و زانیاری دەربارەی گروپە تیرۆریستییەکان و پاشماوەکانی چەتەکانی داعش.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هاوسۆزی قووڵی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی هەر زانیارییەک بۆ ئەوەی بتوانین ڕووفاتی قوربانییەکە دەستنیشان بکەین.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە تیرۆر هەموو عێراقییەکانی کردووەتە ئامانج بەبێ ئەوەی ئایین و ڕەگەز و نەژاد بەدەر بکات و ئەوە خوێنی قوربانییەکانە کە لە کۆتاییدا سەردەکەون، چونکە تیرۆر لە عێراق بەو قوربانی و ئەو خوێنەی کە لەلایەن ڕۆڵەکانییەوە درا تێکشکێنرا.
