سودانى پێشوازی لە سەرۆک کۆماری ئەرمینیا دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، پێشوازی كرد لە سەرۆکی کۆماری ئەرمینیا ڤاهاگن خاچاتوریان و شاندەکەی یاوەری کە ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغداد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:- سودانی جەختی لە گرنگی ئەم سەردانە کردەوە، کە پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات دێت و پێزانینی خۆی بۆ ئاراستەکانی حکومەتی ئەرمینیا دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژە گرنگەکان کرد کە کۆمپانیا ئەرمەنییەکان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن، بەتایبەتی ڕێگای گەشەپێدان و بەندەری گەورەی فاو و ئەو پڕۆژانەی کە پەیوەستن پێیانەوە.
هەروەها سودانی داوای دامەزراندنی کۆڕبەندێکی هاوبەشی کرد بۆ بازرگانانی نێوان هەردوو وڵات و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی کردنەوەی هێڵی ئاسمانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا و واژۆکردنی یاداشتنامەیەک بۆ خۆدوورگرتن لە دوو باجدان و ئاسانکردنی پێدانی ڤیزەی چوونەژوورەوە بۆ هاندانی گەشتیاری هاوبەش و جەختی لە سەر خواستی عێراق کردەوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئەرمینیا لە بواری وزە و تەکنەلۆژیای زانیاری و حوکمڕانی ئەلیکترۆنی.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە سەرۆک وەزیران شانازیی عێراقی بە هاوڵاتیانی عێراقیە بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی دەربڕی و ئەوان نوێنەرایەتی زیادکردنێکی گرنگ دەکەن بۆ فرەچەشنی کۆمەڵگای عێراقی لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە بوارە جیاوازەکانی زانستی و پزیشکی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە.
سودانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی ئەرمینیا دەربڕی لە دەنگدان بە بەرژەوەندی ئاگربەست لە غەزە.
لە لای خۆیەوە، سەرۆک خاچاتوریان سوپاسی پێشوازییە گەرمەکەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانەکەی بۆ دەربڕینی خواستی ڕاستەقینەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و جەختی لەوە کردەوە کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی لەگەڵ شاندێکی بازرگاندا ئامادە بووە، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دەرفەتە بەردەستەکان و فراوانکردنی هاوبەشی ئابووری نێوان هەردوو وڵات.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەرمینیا ژمارەیەک هاوبەشی ڕوونکردەوە کە هەردوو وڵات کۆدەکەنەوە و ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدا بووە کە ئەرمەنییەکان پەنایان بۆ بردووە لە ڕۆژانی جینۆسایددا، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراقدا لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بانکی و وزەی پاک و نوێبووەوە.
