سودانی جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت و گەلی عێراقی بۆ پاڵپشتیکردنی لوبنان دەکاتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی لەمیانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆک کۆماری لوبنان جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەت و گەلی عێراقی بۆ پاڵپشتیکردنی لوبنان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ سەرۆکی کۆماری لوبنان جۆزێف عەون کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا، و تێیدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا كرا، ئەمە جگە لە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەڵوێستە هاوبەشەکان و ڕێگاکانی فراوانکردنی هاوبەشی بنیاتنەری نێوان عێراق و لوبنان و پتەوکردنی یەکگرتنی ئابووری لە ئاستە جیاجیاکان و زیادکردنی دەرفەتەکانی پەیوەندیی بەرهەمدار لە نێوان کەرتی تایبەت و گشتی نێوان هەردوو وڵاتی برادا کرا.
سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران وەک لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووه جەختی لەسەر پابەندبوونی حکومەت و گەلی عێراقی کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی لوبنان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی و پشتگیری کردنی گەلی لوبنانی برا و ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر سەروەری یان دەستوەردانێکی دەرەکی کە هەوڵی تێکدانی ئیرادەی سەربەخۆی لوبنان بدات، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامی پشتیوانی و هاوکارییەکان کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لە ئێستادا.
لای خۆیەوە سەرۆکی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستە کردەییەکانی عێراق بەرامبەر بە لوبنان دەربڕی، بەتایبەتی لەو دۆخە سەختەی کە بەسەر لوبنانییەکاندا تێپەڕی، و بەرزکردنەوەی توانای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان، و پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ سەروەری و سەقامگیری لوبنان، جگە لە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری بۆ بەرژەوەندی هەر دوو گەلی برا.
