سودانی جەختدەکاتەوە لە دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی بۆ پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە کە حکومەت هەوڵی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاوی داوە بۆ پرسی شایستە داراییەکان هەرێم.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی کرد لە سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری کوردستان عەلی باپیر.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دۆسییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد، لەوانە ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکان و ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم، جگە لە تاوتوێ کردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی لە سەرتاسەری عێراق، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاوی داوە، بۆ پرسی شایستە داراییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان لە هەرێم و جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت ناکۆکییەکان ببنە بارگرانی بەسەر هاووڵاتیانەوە، چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی تر.
لە لای خۆیەوە عەلی باپیر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی، لە دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان عێراق و پابەندبوونی بە پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری وڵات.
