سودانی: حکومەت ڕێوشوێنی پێویستی گرتوەتەبەر بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و دەستەبەرکردنی گەشەکردن لە دۆخێکی ئاڵۆزی ئابوریدا
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕایگەیاند، عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگ دەبێتەوە لە کەرتی دارایی و بانکیدا، حکومەتەکەی ڕێوشوێنی پێویستی گرتوەتەبەر بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و دەستەبەرکردنی گەشەکردن لە دۆخێکی ئاڵۆزی ئابوریدا و ئامانج لە چاکسازییە گشتگیرەکان هاوتایە لەگەڵ پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکان.
محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دوشەممە میانەی کۆنفرانسی چاکسازی کەرتی بانکی عێراقی، هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و بانکەکان و تیمەکانی کاری کۆمپانیا ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی بەرز نرخاند کە بەردەوامن لەبرەودان و پەرەپێدانی کەرتی دارایی و بانکی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، حکومەتەکەمان بودجەیەکی سێ ساڵەی ئامادە کردوە، کە بریتییە لە تەرخانکردنی سەرچاوە بۆ کەرتە گرنگە جیاوازەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، و ژێرخان. بودجەی سێ لایەنە ڕێگە بە داڕشتنی پلانێکی دارایی درێژخایەن دەدات کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ستراتیژی و گەشەپێدانی دەوڵەت.
سودانی باسی لەوەشكرد، "عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگ دەبێتەوە لە کەرتی دارایی و بانکیدا و حکومەتەکەی ڕێوشوێنی پێویستی گرتوەتەبەر بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و دەستەبەرکردنی گەشەکردن لە دۆخێکی ئاڵۆزی ئابوریدا، هەروەها ئامانج لە چاکسازییە گشتگیرەکان هاوتایە لەگەڵ پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکان".
ئەوەشیخستەڕو، حکومەت کاریکردوە بۆ زیادکردنی داهات لەڕێگەی باشترکردنی سیستەمی باج و گومرگ و زیادکردنی داهاتی نا نەوتییەوە کە بەشدار بو لە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە داهاتی نەوت. هەروەها کاردەکەن بۆ ئەوەی گومرگەکان بە تەواوی ئۆتۆماتیکی بکەن، لە ڕێگەی سیستەمی (ئەسیکۆدا)"ـەوە کە سیستەمی ئۆتۆماتیکی جیهانییە بۆ ڕێوشوێنەکانی گومرگی نەتەوە یەکگرتوەکانە.
سودانی ڕونیكردەوە، داهاتی گومرگی بە نزیکەی 128% زیادیکردوە و داهاتی باج 22% بەرزبوەتەوە بەراورد بە ساڵانی پێشو بەرزترین ڕێژەیە. هەروەها لە ماوەی دو ساڵی ڕابردودا ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ داڕشتنەوەی بانکەکانی؛ ڕافیدەین، ڕەشید، پیشەسازی، و کشتوکاڵ، لە ڕێگەی یارمەرت کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بەناوبانگەوە.
