سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردن له پڕۆژەی پترۆکیمیایی نبراس
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێترۆکیمیایی نبراس.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: سەرۆک وەزیران پێداچوونەوەی کرد بۆ قۆناغەکانی پێشکەوتن و هەنگاوە تەواوکراوەکان و ڕاسپاردەکانی دەستەی ڕاوێژکاری کە بەدواداچوون بۆ ڕێڕەوەکانی پڕۆژەکە دەکات، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی کات کردەوە، چوونکە پڕۆژەکە لە ساڵی 2015 ەوە دوواخراوە و حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوام بێت لە تەواوکردنی بە بەکارهێنانی هەموە توانا و دەسەڵاتەکانی.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، سودانی ئاماژەی بە پێویستی لابردنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم هەوڵەکانی تەواوکردنی پڕۆژەکە کرد ، چونکە بازاڕی عێراق پێویستی بە کەرەستەی سەرەتایی پێترۆکیمیاییە بۆ پاڵپشتیکردنی پیشەسازی نیشتمانی و هەنگاونان بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، هەروەها هەوڵەکانی چاکسازی ئابووری کارا نابێت بە بێ پشت بەستن بە گەشەپێدان و بەردەوامبوون لە پرۆژە ستراتیژییە گەورەکان وەک پڕۆژەی نبراس.
سودانی فەرمانی کرد بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ بەڕێزان وەزیری نەوت و پیشەسازی و کانزاکان و ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاوێژکاری گینس لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ-ی جیهانی، بۆ پاکتاوکردنی هەموو ئەو شتانەی کە ماونەتەوە، جگە لەوەش فەرمانی کرد کۆبوونەوەیەکی مانگانە ئەنجام بدرێت بە سەرۆکایەتی خۆی بۆ بەدواداچوون بۆ دەستکەوتەکان و چالاککردنی چارەسەرەکان و لابردنی بەربەستەکان.
ئەنجومەنی وەزیران لە شوباتی ڕابردوودا بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی گرنگترین ئەو کێشانەی کە چەندین ساڵە بە هەڵپەسراوی ماونەتەوە، ئەویش نرخی گازە، کە بە پێی بڕیاری 80 ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراوە، هەروەها گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانەی کە بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراون بۆ سەر وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، وە گرێبەست کردن لەگەڵ لایەنێکی ڕاوێژکاری جیهانی بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە، بە شێوەیەک دڵنیابێت لە جێبەجێکردنی بەپێی تێڕوانینی ئابووری و تەکنیکی.
