سودانی و مەسعود بارزانی جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان لایەنەکان دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق
ئەمڕۆ شەممە مەسعوود بارزانی، سەرکردەی کورد و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی نێوان لایەنە عێراقییەکان کرد بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی بارزانی و سودانی، ئاماژەی بەوە داوە "لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا."
بارزانی و سودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس کراوە، "جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە."
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
دواتر هەردوو سەرۆک وەزیران لە هۆڵی پێشوازیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ماوەی نزیکەی 15 خولەک گفتوگۆیان کرد. پاشان سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو پیرمام بەڕێکەوت و لەوێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.
