سودانی وەزارەت و دەزگا ئەمنییەكان ئاراستە دەكات ڕەچاوی رەوشی تووشبووانی شێرپەنجە نەخۆشانی شۆردنی گورچیلە بکەن
سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، وەزارەت و دەزگا ئەمنییەكانی ئاڕاستە كرد، كە ڕەچاوی پێداویستییەكانی توشبووانی شێرپەنجە و ئەو كەسانە بكەن كە شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەكرێت.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، ئاڕاستەی وەزارەتەكان و پێكهاتە ئەمنییەكان و سەرجەم دامودەزگاكانی دەوڵەتی كردووە، بیر لە ڕێزگرتن لە كارمەندەكانیان بكەنەوە كە تووشبووی شێرپەنجەن یان ئەوانەی شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەكرێت، هەروەها پاڵپشتی دەروونییان پێشكەش بكەن وەك دانپێدانان بە بارودۆخی تەندروستییان، وایان لێبكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە و بەرزكردنەوەی ورەییان و كاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستییان دەبێت.
شانەی ئەمنی رایگەیاند: ئەمە لەگەڵ ڕێبازە مرۆیی و باوكایەتییەكەیدا دەگونجێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: سودانی فەرمانی دا كە چاودێری و گرنگیدان ئەم لایەنانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت:
1. بەدەركردنیان لە پەنجەمۆری ئامادەبوون و ڕۆشتنی ڕۆژانە.
2. ئاسانكاری بۆ مۆڵەتی پێویستیان.
3. پێدانی هاوكاری دارایی بە پێی دەسەڵاتی وەزیری پەیوەندیدار.
4. ڕاسپاردنی دەستەی باڵای حەج و عومرە بۆ بەدەركردنی ئەوانەی شێرپەنجەیان هەیە لە مەرجی تیروپشكی حەج.
5. ڕاسپاردنی هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ دیاریكردنی داشكاندنی گونجاو بۆ بلیتی فڕۆكەو بۆ نەخۆشەكان.
