سودانی پێشوازی لە سەرۆک شاندە بەشداربووەکانی کۆنگرەی ٣٥ەمینی بەپەلەی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی دەکات
محەمەد شەیاع سودانی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی کرد لە سەرۆکانی پەرلەمان و شاندە عەرەبییە بەشداربوەکانی کارەکانی سی و پێنجەمین کۆنگرەی بەپەلەی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی کە لە بەغداد-ی پایتەخت بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆخی شاری غەززە و هێرشەکانی زایۆنیستەکان بۆ سەر خاکی فەڵەستینی داگیرکراو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران سودانی پێشوازی لە شاندە بەشداربووەکان کرد و پیرۆزبایی لە بەڕێوەچوونی کۆنگرە بەپەلەکەیانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بارودۆخە تراژیدیایەی کە گەلی فەڵەستین تیایدا دەژین.
سەرۆک وەزیران هەڵوێستی بنچینەیی عێراقی دووپاتکردەوە بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین و گرنگی هەنگاونانی بەپەلە بۆ پشتگیری کردن لە گەلی فەڵەستین کە ڕووبەڕووی دوژمنکارییەکی ئاشکرا و تاوانی جەنگی تەواو و هەوڵی جینۆساید دەبنەوە، پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی داگیرکەری زایۆنی بەردەوام بوون لە بە ئامانج کردنی خەڵکی سڤیل و ئاشتیخواز.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە بۆردومانە دڕندانەکەی ئێوارەی دوێنێی سەر نەخۆشخانەی مەعەمدانی لە غەزە کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی سەدان منداڵ و ژن لە تاوانێکی قێزەوندا کە هەموو پەیماننامە و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی تێپەڕاند و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستە پەرلەمانی و سیاسییەکان کرد فریایی خەڵکی فەڵەستینی ستەملێکراو بکەون و بەهێزیان بکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە ڕەواکانیان لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر خاکە نیشتمانییەکەیان.
