سودانی چەند راسپاردەیەکی ئەمنی دەردەکات:پەرەپێدانی بەردەوام بکرێت بۆ کارەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شەیاع سودانى، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرد و لە میانەی سەردانەکەیدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا کە سەرۆکی دەزگاکە و بەرپرسەکانی لەخۆگرتبوو و تێیدا پێداچوونەوەی بە کارەکانی دەزگاکە و پلانەکانی کرد بۆ پتەوکردنی ئاسایش و ڕاونانی تاوانە ڕێکخراوەکان لە وڵاتدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە سودانی ستایشی هەوڵەکانی کارمەندانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان لە چەندین قۆناغدا، هەروەها شەهیدانی دەزگاکەی وەبیرهێنایەوە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ باندەکانی تاوانکاریدا بوونە قوربانی و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامبوون لە کارکردن بە خێراییەکی بەرز وەک پاداشتکردنەوەیەکە بۆ قوربانییە مەزنەکانیان، هەروەها بەڕێزیان جەختی لە تایبەتمەندی دەزگاکە کردەوە وەک دامەزراوەیەکی گرنگی ئەمنی بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش لە سەرانسەری وڵاتدا و گرنگی دوورخستنەوەی لە گرژی و پەیوەندییە سیاسییەکان.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرد کە لەم دواییانە پەسەندکرا و ڕایگەیاند گرنگە وەک دەستپێکێک بۆ قۆناغێکی نوێی کارکردن بێت بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتە ئەمنییەکان، هەروەها ئاماژەی بە ئەوەدا کە پێویستە پەرەپێدانی بەردەوام بۆ کارەکانی دەزگاکاکە پەسەند بکرێت: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شێوازە نوێیانەی کە تاوانباران دەیگرنەبەر و جەختی لە پشتیوانی کردن و پاڵپشتی کردنی خۆی کردەوە بۆ هەر هەوڵێکی ئەمنی کە بە دەزگاکە بسپێردرێت و ڕەتکردنەوەی هەر فشارێک کە لە ئەفسەران و کارمەندانی ئاژانسەکە دەکرێت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە ئەمنیانەی کە پێیان سپێردراوە.
سودانی ڕاسپاردەکانی پێشووی خۆی نوێکردەوە بۆ ئەوەی هیچ دوودڵ نەبن لە کارەکانی دەزگاکە و کارەکانیان بە تەواونەکراوی بەجێ نەهێڵن و جەختی لە پێویستی بەدیهێنانی دادپەروەری کردەوە لەنێوان ئەو ئەندامانەی کە لە دەزگاکەدا کاردەکەن لەگەڵ مامەڵەکردنی باشدا لەگەڵ هاوڵاتیان و ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەکانمان خاوەن ئەزموونێکی باشن و بەسەر هاوتاکانیان لە ناوچەکە تێدەپەڕێت، چوونکە پشتیوانی دەوڵەتیان بەدەست هێناوە و پێویستیان بە هەوڵی زیاترە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
سودانی ئاماژەی بەو چاکسازییانە کرد کە حکومەت لە بواری ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تاوانی ئابوری دەستیپێکردووە، ئەمەش پێشینەیەکە پێویستی بە کاری بەردەوام و یەکسان هەیە لەگەڵ چەرخی گەشەکردنی وڵاتەکەدا.
