سودانی ڕێنوێنی باشترکردنی ژینگەی نەخۆشخانەی ڕەشاد و دامەزراندنی سێ نەخۆشخانەی دەروونی دەدات
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی ئاراستە کرد بۆ وەرگرتنەوەی ڕاگیراوان لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕەشاد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر لەپێشینەیی کەرتی تەندروستی لەو کارە خزمەتگوزارییەی حکومەت گرتوویەتیەبەر، و وەک تەواوکارییەک بۆ پلانەکانی فراوانکردنی توانای وەرگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی سەرانسەری عێراق، چ لە ڕێگەی دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ یان فراوانکردنی نەخۆشخانەکان، و پاڵپشت بە ڕێنمایی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە سەردانیکردنی نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕەشاد و ئاگاداربوون لە داواکاری و پێداویستییەکانی، سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی لەسەر ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی لیژنەکە دەربڕی بە گواستنەوەی نەخۆشانی ناوچەی باشوور و فوراتی ناوەڕاست لە نەخۆشخانەی ڕەشادەوە بۆ نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە دیوانیە (نەخۆشخانەی حەیات)، و گواستنەوەی نەخۆشانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە سلێمانی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەی ڕەشاد.
هەروەها وتی: سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستکردنی (٣) نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونییەکان؛ یەکێکیان لە سەلاحەدین کە نەخۆشانی پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنبار و کەرکووک و نەینەوا دەگرێتەوە، و نەخۆشخانەیەک لە کەربەلا کە نەخۆشانی پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا و بابل و واست دەگرێتەوە، و سێیەمیان لە بەغدا، ئەوەش بۆ مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروستیی گونجاو بۆ نەخۆشان.
ئاماژەی بەوەشدا کە ڕەزامەندی درا لەسەر پێدانی ئیمتیازی دارایی بە کارمەندان لە پەرستاران و پزیشکان و ستافەکانی دیکە لەم نەخۆشخانەیەدا، و گۆڕینی ئەوانەی هەن بۆ گرێبەست، و دامەزراندنی گرێبەستی نوێ وەک کرێکاری خزمەتگوزاری، و پێدانی دەرماڵە بە ستافی پزیشکیی گشتی لە بەشی پزیشکیی دادیی دەروونی، هاوشێوەی ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتی داد کە لەگەڵیانن، لەگەڵ دابینکردنی ٢٠٠ قەرەوێڵەی نوێ بۆ نەخۆشخانەکە.
سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دایە وەزارەتی ناوخۆ بۆ وەرگرتنەوەی ڕاگیراوان لە نەخۆشخانەکە لە ماوەیەکی کورتدا، دوای پشتڕاستکردنەوەی لیژنەی پزیشکی بۆ تەواوبوونی چارەسەرەکەیان، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کار و نەخۆشخانەکە بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشانەی چاکبوونەتەوە و پێویستیان بە چارەسەر هەیە کە مانگی جارێک پێیان دەدرێت بۆ خانەکانی وەزارەتی کار بەهۆی پچڕانی پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە، هەروەها لکاندنی نەخۆشخانەکە بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بەغداوە هەڵدەوەشێندرێتەوە و دەکرێت بە بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ
