سوریا... عەلەوییەكان گروپێكی نوێی چەكداری دروست دەكەن
میدیا عەرەبیەکان بڵاویانکردەوە، گروپێكی نوێی چەكداری بەناوی "پیاوانی نور – سەرایا ئەلجواد" لە ناوچە كەنارئاویییەكانی سوریا كە عەلەوینشین ڕاگەیەندرا و بەرپرسیارییەتی چەند هێرشێكی بۆ سەر هێزەكانی ئاسایشی حكومەت گرتوەتە ئەستۆ.
بەگوێرەی میدیاکان، گروپی "سەرایا ئەلجواد" لە 2ی مانگی ڕابردو لاپەڕەیەکی لە فەیسبوک دروستکردوە، بەپێی دو راگەیەندراوی جیاواز، ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ئەنجام دەدات.
لە یەکەم ڤیدیۆیی گروپەكەدا كە ڕۆژی 14 مانگی رابردو تۆماركراوە، دەنگی وێنەگرەکە دەبیسترێت کە دەڵێت، "ئەو هێرشەی وێنەی گیراوە، ئۆتۆمبێلێکی سەر بە ئاسایشی گشتی حكومەتی دیمەشقە و تۆڵەسەندنەوەی ڕۆحی هەمو شەهیدەکانیان بوە".
لە گرتەیەكی ڤیدیۆی دیكەدا كە هەمان گروپ بڵاویكردوەتەوە، وێنەگرەکە پرۆسەیەکی هێرشکردنە سەر شوێنێکی حکومی تۆمار دەکات کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ "بەشار میهوب و هاوڕێکانی" هاتوە و لە 1ـی ئەم مانگەدا ئەنجامدراوە.
