سوپای تورکیا بە چەکی قورس گوندێکی ڕۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج
شەوی هەینی ڕابردوو، سوپای تورکیا بە چەکی قورس گوندی مازنی سەر بە ناوچەی شێراوا لە سنووری شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە کە بە چەکی جۆری "دۆشکە" ئەنجامدران گەنجێکی گوندەکە بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی پەیامنێری ماڵپەڕی عەفرین نیوز، هەرزەکارێک بە ناوی "محەممەد خەلیل" تەمەن 14 ساڵ، دانیشتووی گوندی مازنە لە ناوچەی شێراوا بریندار بوو دوای ئەوەی گوندەکە بە چەکی دۆشکە کرایە ئامانج و لە ئێستادا بریندارەکە گواستراوەتە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شارۆچکەی ئەلزەهرە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
شەوی ڕابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” گیان لەدەستدانی چوار شەڕڤانی ڕاگەیاند لە سنوری شارۆچکەی عامودا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی.
لە بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، دوێنێ هەینی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلکی مەدەنی کردە ئامانج لە گوندی ڕەنگینە لە شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی تر بریندار بوو، هەروەها گومان دەکرێت کە قوربانییەکان ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”ن.
