سۆران عومەر: داوام لە وەزیری دارایی عێراق کرد بەدوای کەیسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بچنەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی تایبەت بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوام لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کرد چییان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی".
ڕاشیگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بەنووسراوی ژمارە (5779 لە 2024/7/23) ئاماژە بەوە دەکات لە 2024/7/4 بەنووسراوی ژمارە (9429) داوای زانیاری فەرمانبەرانی هەرێمیان کردووە بۆ بەبانکیکردنی مووچەکان لەبانکی ڕەشید و ڕافیدەین و تی بی ئای، چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمن.
ئەندام پەرلەمانتارەی عێراق وتیشی "تا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم ئامادە نییە لیستەکان بدات بۆ بەبانکیکردن و دەستی بەفشار کردووە لەسەر فەرمانبەران تاوەکو هەژماری من لەبانکی ئەهلی پڕ بکەنەوە".
سۆران عومەر دەشڵێت: دوای ئەم وەڵامەی وەزیری دارایی فیدراڵ ئاشکرایە حکومەتی هەرێم پاش 112 ڕۆژ لەداواکردنی زانیاری مووچەخۆران ئامادە نییە مووچە بەبانکی بکات، بەهۆی ئەوەی دەیەوێت جڵەوی پارەی مووچە لای خۆی بێت و خەریکی فشاری نایاساییە لەسەر مووچەخۆران بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من.
