سێ رۆژە کارمەندانی تاوەری ئیڤڵ لە پاریس مانیانگرتووە و داوادەکەن مووچەکانیان زیادبکرێت
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵ، ماوەی سێ رۆژە کارمەندانی تاوەری ئیڤڵ لە پاریس مانیانگرتووە و داوادەکەن مووچەکانیان زیادبکرێت.
لە پەیامێکدا کە ماڵپەری فەرمیی تاوەری ئیڤڵ بڵاویکردووەتەوە، داوای لێبووردنی لە سەردانیکەرانی تاوەرەکە کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە داخستنی تاوەرەکە چەند رۆژێکی دیکەش بخایەنێت.
کارمەندەکانی تاوەرەکە جگەلەوەی داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن، گوتووشیانە دەبێت تاوەرە 135 ساڵانەکە نوێبکرێتەوە کە بەشێکی ژەنگی گرتووە.
هاوکات هەڕەشەی بەردەوامیی مانگرتنەکان دەکەن و رایانگەیاندووە، مانگرتنەکەیان رەنگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکی دیکە یان چەند هەفتەیەکی دیکەش بەردەوام بێت تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.
ئیمانوێل گریگۆر، جێگری سەرۆکی شارەوانیی پاریس لەبارەی مانگرتنی کارمەندانی تاوەری ئیڤڵ گوتی: "پێشبینی دەکەم بەزووترین کات کۆمپانیای بەڕێوبەری تاوەرەکە کێشەکە چارەسەر بکات".
