سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری ئابووریی ئازەربایجان دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە میکائیل جەبارۆڤ وەزیری ئابووریی ئازەربایجان و وەفدی یاوەری.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لەسەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 18-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە بایەخی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و پێویستی کارکردن بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنیان کرد، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بەدەستبهێنێت.
سەرۆك کۆمار جەختی لەوەکردەوە، کە عێراق بە پەرۆشە بۆ هاتنی کۆمپانیاکانی ئازەربایجان بۆ بازاڕی ناوخۆ و باشترکردنی دەرفەتی هاریکاری وەبەرهێنان بەتایبەتی دوای ئیمزاکردنی چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات لەمیانی سەردانەکەی بەڕێزیان بۆ ئازەربایجان لە مانگی 11ی ساڵی رابردودا، کە ئەو یاداشتنامانە دەستپێکی گرنگن بۆ دروستکردنی پردی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری و گەشتیاری و کولتوری و گواستنەوەی ئاسمانی، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل دەستەبەربکەن.
لای خۆیەوە میکائیل جەبارۆڤ خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانیکردنی عێراق دەربڕی و سەردانە سەرکەوتوەکەی ئەمدواییەی سەرۆك کۆماری بۆ ئازەربایجان بەرزنرخاند و باسی لەوەکرد، کە سەردانێکی پڕبایەخ بووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، خواستی وڵاتەکەشی بۆ دامەزراندنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ عێراق لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دوپاتکردەوە.
