سەرۆك کۆمار پێشوازی لە ژمارەیەك لە بەشداربوانی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاو دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە شوێنی مانەوەی لە هەولێر پێشوازیکرد لە ژمارەیەك لە بەشداربوانی کۆنفرانسی تایبەت بە ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە سیاسی و ئابوری و دیمۆگرافییەکانیان لەسەر عێراق، کە لە زانکۆی کوردستان بە هاریکاری لەگەڵ دیداری بەحر ئەلعلوم بۆ دیالۆگ و سەنتەری فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق رێکخراوە و لەماوەی دوو رۆژدا دیدگای ئایندەیی بۆ روبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو، تاووتوێ دەکرێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار پێویستی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی لە پیسبون دوپاتکردەوە و جەختیکردەوە لە کارکردن لەسەر ستراتیژیەتی کۆکردنەوەی ئاو و بونیادنانی بەنداو بۆ سودوەرگرتنی نمونەیی لە داهاتی ئاو بەتایبەتی باران، سەرەڕای بنیاتنانی یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆ و پێویستی دانانی بابەتەکانی رەهەندی کەشوهەوا و ژینگە و وزەی نوێبووەوە لە پرۆگرامەکانی خوێندن.
هەر لە دیدارەکەدا، بەڕێز بریکاری هونەریی وەزارەتی ژینگە رونکردنەوەیەکی لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەت بۆ چاودێریکردنی ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەبارەت بە بایەخی ئاسایشی ئاو، پێشکەش کرد.
