سەرۆك کۆمار: پەروەردە و فێرکردن بنەمایەکی گرنگن لە کاروانی گەشەپێدانی وڵاتدا
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە د.ئیبراهیم نامس وەزیری پەروەردە،ئاماژەی بەوەکرد پەروەردە و فێرکردن بنەمایەکی گرنگن لە کاروانی گەشەپێدانی وڵاتدا .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند:-لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە, لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، باس لە رەوشی پەروەردەیی لە وڵات و چۆنێتی بەرەوپێشبردنی کرا و سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و هەنگاونان بەرەو پەرەپێدانی پرۆگرام و پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکان کرد بۆ باشترکردنی سیستمی پەروەردەیی و پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە وەک پایەیەکی گرنگی پرۆسەی گەشەپێدان لە بوارە جیاجیاکاندا.
هەروەها سەرۆک کۆمار رونیکردەوە، پەروەردە و فێرکردن یەکێکە لە کەرتە بنەڕەتییەکانی پێشکەوتنی نەتەوە و گەلان، ئەمەش وا دەخوازێت هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکانی ژێرخانی پەروەردەیی بە دروستکردنی خوێندنگەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتوە، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە وێرانکراون، هەروەها کارکردن بۆ نوێکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی کادری پەروەردەیی و بەدواداچوون بۆ کاروبار و رەوشی خوێندکاران، لەم بارەیەشەوە ئاماژەی بە گرنگی سودوەرگرتن لە سندوقی پەرەپێدان کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی وەزارەتی پەروەردە دەبنەوە لە ئامادەکردنەوەی ژێرخان و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانی سندوقەکە.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری پەروەردە رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دۆخی کارگێڕی و پەروەردەیی و کارەکانی وەزارەت پێشکەشکرد و دوپاتیکردەوە، کە سورن لەسەر بەردەوامیدان بە پەیامی پەڕوەڕدەیی و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو، کە خاوەن توانای داهێنان بن بۆ بەشداریکردن له بونیادنان و گەشەپێدانی عێراق.
