سەرۆک رەشید پێشوازی لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لەبەغدا، لە کۆشکی سەلام، پێشوازی لە محەمەد عەلی یوسف سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا کرد.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ هەینی سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، پێشوازیکرد لە محەمەد عەلی یوسف سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا بە ئامادەبوونی عەلی دەروێش نوێنەری هەمیشەیی کۆمیسیۆن لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی 16-5-2025 لە کۆشکی سەلام بەڕێوەچوو ، باس لە ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەفریقا کرا، هەروەها چۆنیەتی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش تەوەرێکی تری دیدارەکە بو".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عێراقی بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆستی ئەفریقا دووپاتکردەوە"، ئاماژەیکرد بەوەی "لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە بەغداد میوانداری بکات، دەرفەتێکی گرنگە بۆ قووڵکردنەوەی گیانی هاریکاری هاوبەش و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و هێنانەدی ویستی گەلان بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری و یەکگرتن".
لای خۆیەوە محەمەد عەلی یوسف سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا ستایشی عێراقی کرد بۆ "فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا"، جەختیکردەوە لەسەر "گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەچوارچێوەی لوتکەی عەرەبیدا، کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و چەسپاندنی بناغەکانی هاریکاریی بنیاتنەر".
