سەرۆک وەزیران خەڵاتی کۆمەڵێک پاڵەوانی وەرزشی دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە کۆمەڵێک پاڵەوانی وەرزشی کە 27 مەدالیای جۆراوجۆریان لە پاڵەوانێتی جیهانی بەرزکردنەوەی کێش لە سعودیە و خولی یارییەکانی ئاسیا لە چین لەگەڵ خولی یارییەکانی پارالیمپی ئاسیا-یان بەدەست هێنا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند:"لە سەرەتای چاو پێکەوتنەکەدا سودانى پیرۆزبایی لە وەرزشوانان و ستافی ڕاهێنان کرد بۆ ئەو دەستکەوتەی کە ناوی عێراقی بەرزکردەوە لە کۆڕبەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا و جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنیان سەرکەوتنێکە بۆ هەموو عێراقییەکان".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە کەرتی وەرزشى لە یەکەم ڕۆژەوە لە پلان و بەرنامەکانی حکومەتدا ئامادەبووە، لەبەرئەوەی ئێمە دڵنیاین لە بوونی لێهاتوویی و بەهرەکان کە توانای پێشخستنی ناوی عێراقیان هەیە لە ڕێگەی وەرزشەوە کە تیایدا هەموو توخمەکانی هێز و سەرکەوتن لەخۆ دەگرێت و جەختیشی کردەوە کە زنجیرەیەک بڕیار و ڕێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ پشتیوانیکردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی و فیدراسیۆنەکان و هەموو دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە وەرزشەوە، جگە لە چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگیه دارایی و یاساییەکان.
سودانی ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت جدییە لە پشتیوانیکردنی وەرزش و پشتیوانی دارایی ڕوونی تەرخانکردووە بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی لە بودجەی سێ ساڵەدا کە هیوادارین بە شێوەیەکی دروست وەبەرهێنان بکرێت و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لەگەڵ هەر دەستپێشخەرییەکدایە کە پشتگیری لە وەرزش بکات لە یارییە جۆراوجۆرەکانی تیم و تاکەکەسیدا.
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی دانانی پلان و ئامانج و بەرنامەکان بۆ بەدەستهێنانی مەدالیاکانی ئۆڵۆمپیاد و لە هەمان کاتدا ستایشی ئەو دەستکەوتانەی کرد کە پاڵەوانەکانی لیژنەی پارالیمپیاد لە یارییەکانی ئاسیا بەدەستیان هێناوە و سەرچاوەی شانازیین.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، هەریەک لە وەزیری وەرزش و لاوان و ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری وەرزشی ڕاسپارد پلانێک ئامادە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی کە دەتوانرێت دەستکەوتیان تێدا بەدەست بهێنرێت، و بکرێتە ئامانجێک بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو یان سێ ساڵدا کاری لەسەر بکرێت بۆ دروستکردنی پاڵەوانێک و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە چاکسازی لە کەرتی وەرزشیدا یەکێکە لە لایەنەکانی پشتیوانی و کەرتی تایبەت دەتوانێت بچێتە ناو پشتیوانیکردنی وەرزشەوە و پێویستە یانەکان و فیدراسیۆنەکان بەسەر بەربەستەکاندا زاڵبن و بەشداری بکەن لە بەرەوپێشبردنی وەرزشی عێراق.
