سەرۆک وەزیران وپادشای بەحرەین تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شای بەحرەین حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی هاوکاریی بنیاتنەری کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ خاوەن شکۆ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین ئەنجامدا و تێیدا بەبۆنەی یادی جەژنی نیشتمانیی شانشینی بەحرەینەوە پیرۆزبایی لێکرد.
بەپێی بەیاننامەکە، لە پەیوەندییەکەدا، جەختكرایەوە لەسەر قوڵایی پەیوەندییە دووقۆڵییە تایبەتەکان لە نێوان هەردوو وڵاتی برادا، هەروەها ڕێگەکانی پتەوکردن و پێشخستنیان لە بوارە جیاوازەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و هاوکاریی بنیاتنەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحددییە جیاوازەکاندا بەهێزتر بکات.
