سەرۆک وەزیران پشتیوانی حکومەت بۆ جوتیاران و بەرهەمەکانی پرۆسەی کشتوکاڵی دووپات دەکاتەوه
لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى سەردانێکی مەیدانی ئەنجامدا بۆ کێڵگەیەک لە شاری نەهروان لە باشوری خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەخت، کە بۆ ئاودێری کردن پشت بە سیستەمی ئاودێری مۆدێرن دەبەستێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سودانی گوێی لەو کێشە و بەربەستانە گرت کە ڕووبەڕووی ئەو جوتیارانە دەبنەوە کە لە کێڵگەکەدا کاردەکەن، لەوانە پێویستیان بە ڕێگای قیرتاوکراوە بۆ گەیشتن بە گوندە بچووکەکان، هەروەها ئەوەی پەیوەندی بە ئامادەکردنی تۆو و دابینکردنی پێوانەی کیمیایی و سنووردارکردنی دزەکردنی بۆ بازاڕی ڕەشەوە هەیە.
سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جوتیارانی کرد لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری مۆدێرن لە ئاودانی بەروبوومەکانیان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سیستەمانە 45-50%ی ئەو ئاوە پاشەکەوت دەکات کە بە ڕێگا نەریتییەکان بەکاردێت و بەرهەمهێنانی زەوی زیاد دەکات و گەڕانەوەیەکی ئابووری دابین دەکات کە سوودەکەی لە سەرانسەری ئابووری وڵاتدا بڵاودەبێتەوە.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە هەبوونی گەنمی زۆری کۆگاکراو وا دەکات عێراق کەمتر کاریگەری لەسەر بێت بەهۆی نرخەکانی لە بازاڕە جیهانییەکان یان هەر قەیرانێکی جیهانی، و ئەم دانەوێڵە ستراتیژییە گرنگە بۆ هاوڵاتیان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی عێراقەوە و لە ڕێگەی جوتیارانەوە و پرۆسەیەکی گرنگە بۆ شکۆمەندی و سەروەری وڵات و تەنها لە ڕێگەی هاوکاری جوتیاران لەگەڵ دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێت.
