سەرۆک وەزیران پێشوازی لە شاندێکی یەکێتی بانکە عەرەبییەکان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی کرد لە شاندێکی یەکێتی بانکە عەرەبییەکان بە سەرۆکایەتی سکرتێری گشتی یەکێتی بانکە عەرەبییەکان بەڕێز وسام حەسەن فەتوح.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە لە سەرەتای دیدارەکەدا سودانی پێشوازی کرد لە بەستنی کۆنفرانسی بانکە عەرەبییەکان لە بەغدا و خۆشحاڵی عێراق دەربڕی بە میوانداریکردنی کۆنفرانسە عەرەبییەکان کە جەخت لەگەڕانەوەی عێراق دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی پێگەی سروشتی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە پرۆسەی چاکسازی دارایی و ئابووری کە حکومەت گرتویەتییەبەر ئەنجام نادرێت بەبێ سیستەمێکی بانکی تۆکمەی هاوئاهەنگ لەگەڵ جیهاندا، ئاماژەشی بەوەدا کە حکومەت لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونییەوە ئەم بابەتەی خستووەتە چوارچێوەی کارەکانیەوە تایبەت بە گەشەپێدان و چاکسازی و بانکەکانی عێراق ئەمڕۆ لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاستدان لە مامەڵەکانیاندا سەبارەت بە گواستنەوەی دارایی، هەروەها هەماهەنگی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی لەگەڵ بانکی ناوەندی بەردەوامە، لە هەمان کاتدا سەربەخۆیی بانکەکە دەپارێزێت.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، سیاسەتی ڕوونکردنەوە کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراوە یارمەتیدەر بووە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵەکانی ناهاوسەنگی لە سیستەمی بانکیدا و کاری کردووە بۆ چاککردنەوەیان و ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان یەکێکە لە لایەنەکانی یەکخستنی ئابووری لە ناوچەکەدا، بەڕێزیان پێشوازی کرد لە ئەنجامدانی وۆرکشۆپێکی بانکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕۆڵی بانکەکان لە پڕۆژەکەدا و دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان لەسەر ڕێگاکە.
لە لای خۆیەوە، شاندی یەکێتی بانکەکان ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتیان کرد لە چاکسازیکردنی کەرتی بانکیدا، چونکە ڕێوشوێنەکان ڕوونن بە ئامانجی بەهێزکردن و بتەوکردنی کارەکانی ئەم کەرتە، هەروەها شاندەکە پێزانینی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت دەربڕی بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و باشترکردنی ڕۆڵی لە گەشەپێدانی بەردەوام و هاوبەشییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان.
