سەرۆک وەزیران چاوی كەوت بە وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری غازی توركمانستان
سودانى چاوی كەوت بە وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری غازی توركمانستان.
ئەمڕۆ شەممە مەحەممەد شەیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕوونیکردەوە کە عێراق خاوەنی سامانێكی غازی زۆرە، بەڵام پێویستی بە كات هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی گونجاو وەبەرهێنانی تێدا بكات، جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕەوتی هاوردەكردنی غازی توركمانستان لە چوارچێوەی دیدگا و ستراتیژی حكومەتدایە بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی هاوردەكردنی غاز.
لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتووە: مەحەممەد شەیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری غازی توركمانستان "مەقسەد بابایڤ" و شاندی یاوەری كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە میانی دیدارەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ كرا، ڕێگاكانی پەرەپێدانیان، هەروەها پتەوكردنی چوارچێوەی هاریكاری لە بواری وزە و غازدا، كە گەیشتە لوتكە بە واژۆكردنی یاداشتێكی هاوبەشی لێكتێگەیشتن بۆ هاوردەكردنی غازی توركمانستان بۆ عێراق، هەروەها بۆ دابینكردنی پێداویستی وێستگەكانی بەرهەمهێنان و سیستەمی كارەبا لێیەوە، وەك بڕیارە شاندێكی عێراقی لە بیست و پێنجی ئەم مانگەدا بچێتە توركمانستان بۆ واژۆكردنی گرێبەست.
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە كردەوە، كە حكومەت گرنگییەكی زۆری بە كەرتی وزە لە عێراق داوە و كردوویەتی بە یەكێك لە ئەولەویەتە دیارەكانی خۆی و بنەمایەك بۆ پەرەپێدان و هەمەچەشنكردنی ئابووری و پەرەپێدانی تەواوی كەرتە گرنگەكان. ڕوونیشیكردەو: عێراق سامانێكی زۆری غازی هەیە، بەڵام پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی گونجاو وەبەرهێنانی تێدا بكات، دوای ئەوەی ساڵانێك لەم بابەتە درەنگ بوو.
لای خۆیەوە بابایڤ سڵاوی سەرۆكی توركمانستانی گەیاندە سەرۆك وەزیران و جەختی لەسەر ویستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پتەوكردنی هاریكاری هاوبەشی نێوان عێراق و توركمانستان لە بوارە جیاجیاكاندا، بە شێوەیەك كە بەشداربێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و بەرژەوەندی گەلەكانیان.
