سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا داوای لە وڵاتانی جیھان کرد دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی فەڵەستین دووپاتکردەوە لەئێستا و داهاتوو و داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە کەرتی غەززە و لوبنان کردەوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێدرۆ سانچێز چوار ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین مەحەممەد مستەفا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا واژۆ کرد کە دامەزراندن و پەروەردە و گەنجان و کشتوکاڵ دەگرێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەم ڕێککەوتنانە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی پێگەی فەڵەستین وەک دەوڵەتێک لەسەر ئاستی جیهان و داوای لە وڵاتانی دیکە کرد کە نموونەی ئیسپانیا بگرنەبەر و داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن.
حکومەتی ئیسپانیا کە بەڵێنی داوە لانی کەم 75 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاڵپشتی فەڵەستین لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا تەرخان بکات، ئاشکرای کرد کە ئامانج لە چوار رێککەوتنەکە پەرەپێدانی خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن لە هەردوو وڵاتە.
