سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی چاودێری پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سودانی بەڵێنی دا مووچەی مانگی 5 و 6 پێش جەژن دەنێرێت گەر حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی نارد.
سروە عەبدولواحید ڕاشیگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی راگەیاندون کە ناردنی مووچە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت و ئامادەیی دەربڕیوە مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێم هاوتاى بەغدا بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، مەحەممەد شەیاع سودانی جەختی کردوەتەوە بەبانکیکردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەکرێت.
وتیشی: "سودانی خۆی چاودێری پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات".
باسی لەوەشکرد، دواکەوتنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم پەیوەستە بە نەناردن و خەمساردی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لیستی مووچەخۆران بۆ بەغدا.
راشیگەیاند، سودانی پابەندی خۆی راگەیاندووە بەوەی هەرکاتێک لیستی مووچەخۆرانی هەرێمیان بەدەست بگات دەست دەکەن بە ناردنی موچە لەکاتی خۆیدا بەو مەرجەی لیستەکان لەکاتی خۆیدا بگاتە دەستیان.
