سەرۆک وەزیرانی عێراق پێداچوونەوە بە دۆخی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە دەکات کە دواکەوتوون
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی ئەمساڵی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانی کرد کە تیایدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی پارێزگاکانیان کرا، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر ئەو دۆسییە بنەڕەتییانە کرد کە ئەولەویەتی گرنگ بێکدەهێنێت بۆ حکومەت لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پارێزگارەکان دۆخی مانگانەکانی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانیان خستەڕوو لە پارێزگاکانیان، هەروەها ئەو پڕۆژە دواکەوتوانە خرانەڕوو لەگەڵ هۆکارەکانی دواکەوتنیان لە پارێزگاکانی (بەغداد، بابل، میسان، موسەنا و نەجەف) لەگەڵ دۆخی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە پارێزگاکانی (موسەنا، دیالە، واسیت، نەجەف و نەینەوا) جگە لە ڕاگەیاندنی دۆخی ئەو پڕۆژانەی کە ڕۆژانە 24 کاتژمێر کاریان تێدا دەکرێت.
لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەو هەوڵە مەزنانەی بەرز نرخاند کە بوون بە هۆکاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بە ڕێک و پێکی و ڕوونی بەڕێوەچوو، هەروەها پیرۆزبایی لە براوەکانی هەڵبژاردنەکان کرد و جەختی لە گرنگی ڕێککەوتنی هێزە سیاسییە براوەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی بە زووترین کات و بەڕێزیان فەرمانی بە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەی دەستەی باڵا هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان کرد بەبێ گوێدانە دۆسییەی دامەزراندنی پارێزگارەکان.
سودانی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە نوێیەکان، تیمی هەوڵی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و قیرتاوکردنی ڕێگاکان بۆ ناوچە نوێیەکان لە پارێزگای بەسرە، بە مەرجێک سوود لەو کارە جێبەجێکراوانە وەربگرن لە کاتی ئامادەکردنی پرۆژ خزمەتگوزارییەکان لە داهاتوودا.
بەمەبستی بە تواناکردنی ئەنجوومەنە نوێیەکانی پارێزگاکان بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پارێزگارەکانی ڕاسپارد ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدەن:
1. ئامادەکردنی پێداویستییەکان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەوانە پێداویستییە کارگێڕی و تەکنیکییەکان و دڵنیابوون لە دابینکردنی کەشێکی ئەمنی گونجاو بۆ کۆبوونەوەکە.
2. ئەنجامدانی پرۆسەی ڕادەستکردن و وەرگرتن بۆ پارێزگارە نوێیەکان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان و بە شێوەیەکی گونجاو.
بە ئامانجی سنوردارکردنی دیاردەی سواڵکردن، سودانی هەموو پارێزگارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا بکەن بۆ دانانی چارەسەری کاریگەر بۆ ئەم دیاردەیە.
لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی بەرنامەی کار، بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست سەبارەت بەو بابەتانە درا.
بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بە فەرمانی دیوانی کە لە نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی دارایی و ڕۆشنبیری و ئەمیندارییەتی بەغداد و نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێکبێت.
لیژنەکە لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بینا و فەرمانگەکانی دەوڵەت پێشکەش بکات، لەگەڵ پارچە زەوییە چۆڵکراوەکان لە بەغدادی پایتەخت، بۆ پێشخستنی ئاستی بنیاتنان و نیشاندانیان بە شێوەیەکی گونجاو، بە مەرجێک ئەرکەکان لە ماوەی سی ڕۆژدا ئەنجام بدرێت لەگەڵ ئەوەی هەموو پارێزگاکان کار و مەبەستەکانی لیژنەکە بیانگرێتەوە.
