سەرۆک ڕەشید جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی کۆڵەکەکانی پرۆسەی دیموکراسی لەوڵاتدا کردەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی کۆڵەکەکانی پرۆسەی دیموکراسی لەوڵاتدا کردەوە لەڕێگەی کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بێلایەنانە و مسۆگەرکردنی پرەنسیپی دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان لەنێویاندا و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمەش لەکۆشکی بەغداد و لەمیانەی پێشوازیکردنی سەرۆک کۆمار هات لەئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەسەرۆکایەتی دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد.
سەرەتا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران کرد بەبۆنەی دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ درێژکردنەوەی کارەکانی ئەنجومەن بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ دڵنیابوون لەوەی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا وەک مافێکی دەستووری بەڕێوەبچێت.
سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی کارکردنی بێلایەنانە و جددی کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف و ڕەنگدانەوەی خواستەکانی سەرجەم عێراقییەکان لە پێکهاتەکانیدا و گرنگی پابەندبوونی کۆمیسیۆن بە پرەنسیپی سەربەخۆیی تەواو و پرۆفیشناڵیزم دوور لە دەستتێوەردان لە کاری هەڵبژاردن لەلایەن هەر لایەنێکەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی کۆمیسیۆن دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و دەستوریەکان .
سەرۆک کۆمار گوێی لە ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران گرت سەبارەت بە ئامادەیی کۆمیسیۆن و ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و بەپێی وادەی دەستووری.
هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرەکی سەرۆک کۆماریان کرد لە درێژەدان بە کارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سوپاسی خۆیان دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی بەڕێزیان بۆ کارەکانی کۆمیسیۆنەکە و پەرۆشی بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کۆمسیۆن بە تەواوی .
