سەرۆک کۆمار بەشداری لە قوداسی جەژنی قیامە لە کەنیسەی سەیدەت نەجات دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 19 -4-2025 لە کەنیسەی سەیدەت نەجات لە بەغداد، بە ئامادەبوونی ڕەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابیلون و ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەشداری لە قوداسی جەژنی قیامەی کرد.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی جەژنی قیامەی لە برایانی مەسیحی کرد و هیوای ئاشتی و خێرو خۆشەویستی بۆ خواستن.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر ئەو راستیەی کە سروشتی کۆمەڵی عێراق بە یەکگرتوویی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە جیادەکرێتەوە کە بە پێی دەستوورێک زامنی یەکسانی و دادپەروەری و ڕێزگرتنی یەکتری دەکات.
لە بەرامبەردا قەشە مار ئەفرام یوسف عەبا، سەرۆکی قەشەکانی ئەبرەشیەی سریانی کاسۆلیک لە بەغداد، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆک کۆمار لە مەراسیمەکە وەک پارێزەری دەستوور و پشتیوانیکردنی هەموو مەزهەب و ئایینەکانی وڵات، بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی و یەکگرتوویی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا.
