سەرۆک کۆمار جەخت لەگرنگیدان بەواقیعی ئاو و پەرەپێدانی دەکاتەوە
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، جەخت لەگرنگیدان بەواقیعی ئاو و پەرەپێدانی کردەوە
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەوەزیری سەرچاوەکانی ئاو عون زیاب عەبدوڵڵا .
وتیشی لەدیدارەکەدا باس لەبارودۆخی ئاو و کاریگەریەکانی کەمی ئاو لەوڵاتدا کرا و سەرۆک کۆمار گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەردانەوەی ئاو و بەردوامبوونی هەوڵەکان کرد لەسەر ئاستی ناوچەکە بۆ دەستەبەرکردنی پشکی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عێراق.
سەرۆک کۆمار هەروەها جەختی لەگرنگیدان بەواقیعی ئاو و پەرەپێدانی کرد لەڕێگەی بەردەوام بەدواداچوون بۆ دروستکردنی بەنداوەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی ودوپاتیش لەباشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی کرد چ بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و چ بۆ بەکارهێنانی ڕاستەوخۆ و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە بۆ بەکارهێنانی ئاو .
لەلای خۆیەوە وەزیر، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بەرەوپێشچوونی کارەکانی وەزارەت و پلانەکانی بەڕێوەبردنی دۆسێی ئاو لەوڵات و ئەو هەوڵانەی دەدرێن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێشکەش کرد، بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی یەکسانی پشکی ئاو ،کە ژیان و ژینگە مسۆگەر بکات و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەمووان بپارێزێت.
