سەرۆک کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا کرد
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە ئەلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق و وەفدێکی یاوەری کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە,,لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، باس لە پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەمدواییەی عیراق و ناوچەکە کرا، هەروەها پێویستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهێشتنی قەیران و گرژییەکان و گرتنەبەری پرەنسیپی دیالۆگی جدی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، جەختیان لەسەر کرایەوە.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر بارودۆخی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، کە پێویستە ئەرکیان لە چوارچێوەی پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان بێت لە بوارەکانی مەشق و راهێنان و پێشکەشکردنی راوێژ، هەروەک گرنگە چوارچێوەیەکی بەرنامەی کاری دیاریکراوی بۆ دابنرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، عیراق سورە لەسەر بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عیراق و گەلانی ناوچەکە بکات و بەشداربێت لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان وڵاتان.
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار هەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی لە بەرامبەر پرسی فەلەستین و پێویستی راگرتنی دەستدرێژی و بەئامانجگرتنی رۆژانەی دانیشتوانی سڤیلی لە غەزە و شارەکانی دیکەی فەلەستین دوپاتکردەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە لێکەوتەکانی جەنگ لە کەرتی غەزەدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری تەواوی ناوچەکە هەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بە تایبەتی، بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆبگرن بۆ وەستاندنی دەستدرێژی سەر فەلەستین.
لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر بایەخی چەسپاندنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی لەبارەی ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان ئەویش بەگوێرەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان کۆماری عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەروەها ئاماژەی بە پەرۆشیی ئەمریکا کرد بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی لە فەلەستیندا هەیە.
