سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوەی نەینەوا دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی دووەمین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوەی نەینەوای کرد کە تیایدا گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ گرنگترین پڕۆژەکانی تایبەت بە کارنامەی کۆبوونەوەکەوە کرا و بڕیاری تایبەتی لەسەر درا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد دیزاینەکانی پڕۆژەی کەناری ڕووباری شاری کۆنی پێشکەش بکرێت بە مەبەستی بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ڕەچاوکردنی موڵکە تایبەتەکانی ناوچەکە.
سەبارەت بە کارە تایبەتەکانی ڕێگای پشتوێنی دەسەڵات درا بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییە گشتییەکان، بۆ پێشکەشکردنی بانگهێشتنامەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بەشی دووەمی پڕۆژەی ڕێگای پشتوێنی شاری موسڵ کە لە پردی شەشەمەوە دەست پێ دەکات تا ڕێگای بەغداد.
هەروەها پڕۆژەی نەهێشتنی قەرەباڵەغی هاتوچۆ بۆ شاری موسڵ پەسەندکرا و دەسەڵات درا بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییە گشتییەکان، بۆ پێشکەشکردنی بانگهێشتنامەیەک بۆ کۆمپانیا جیهانییە تایبەتەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە بڕیاری دروستکردنی یاریگای بەڕێوەبردنی ناوخۆیی دا بە هەموو دامەزراوە وەرزشییە پەیوەستەکانییەوە.
