سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهگەڵ وهزیری دهرهوهی ئهمریكا کۆبووەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراقە.
هاوخەمیی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها سڵاو و ڕێز و پێزانینی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بێپاساو و ناڕەوان و نابێ چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێدەنگ بێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
