سەرۆکی عێراق جەخت لە پێویستی بەدیهێنانی ئاشتی و ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر فەڵەستین کرد
عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەسەر پێویستی بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی و ڕاگرتنی هێرشەکانی دژ بە گەلی فەڵەستین و لوبنان کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی چالاککردنی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ژینگەی دەورووبەر و نێودەوڵەتی کرد بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێشهاتەکانی جیهاندا بگونجێت.
عەبدوللەتیف ڕەشید لەکاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە لە باخچەکانی گۆڕەپانی ئاهەنگ لە بەغدا بەبۆنەی 100 ساڵەی دامەزراندنیەوە سازکرا، گوتی: "داوا لە وەزارەتی دەرەوە و هەموو باڵیۆزخانەکانمان لە وڵاتانی جیهان دەکەین وێنەیەکی ڕاست و گەش بۆ بارودۆخی عێراق ڕوون بکەنەوە".
وتیشی: "جەخت لەسەر گرنگی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکەینەوە و پێویستە بە شێوەیەک تەرکیزیان لەسەر بکرێت کە خزمەت بە عێراق بکات و لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهاندا بگونجێت".
