سەرۆکی یەکێتیی لە دەباشان پێشوازیی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم کرد
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم کرد.
لە دیدارێکدا بەپێی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لەناوچەکە.
لەدرێژەی دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێکرا، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، هەوڵەکانمان بە ئاڕاستەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی ئارامیی وڵاتە لە کێشە هەرێمییەکان. وتیشی، کێشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرەو چارەسەر دەڕوات و تێگەیشتنی تەواو دروستبووە کە دەبێت دەسەڵاتی یاسادانن کاراتر بکرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سەرۆکی یەکێتیی جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد کردەوە کە رەنگدانەوەی خواستی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت و ببێتە هۆی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم نەک لێکترازان.
