شاندێکی باڵای پارتی و یەکێتیی لە پیرمام کۆبوونەوە
دوای كۆبوونەوەی هەر دوو شاندی دانوستانكاری یەكێتیی و پارتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، هەردوو حیزب راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بلاوکراوە هاتووە: لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ناوچەكە و ئەو گۆڕانكاریانەی كە هاتوونەتە ئاراوە و كاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان خرانە بەر باس، هەردوولا كۆک بوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پێویست بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە كرا، هەردوولا هاوڕابوون كە بە زووترین كات لەسەر ئامادەكردنی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەی كە حوكمڕانیی كوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت بكەن، بەشێوەیەك كە پارێزگاری لە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان و سەرجەم پێكهاتەكانی بكات.
