عێراق بەگۆڵێکی بێ وەڵام لە فلیپینی بردەوه
لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا هەڵبژاردەی عێراق بە گۆڵێکی موهەنەد عەلی شکستی بە فلیپین هێنا.
لە یاری کۆمەڵەی شەشەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026ـدا هەڵبژاردەی عێراق و فلیپین بەیەکگەیشتن.
تایمی یەکەم، شێرەکانی رافیدەین تەواو باڵادەستبوون لە یاریگادا و چەندین هێرشی مەترسیداریان بردە سەر گۆڵی فلیپین، بەڵام لە رێگەی گۆڵچییەوە بەرپەرچ دەدرایەوە، ئەمە جگە لەوەی لە خولەکی 42ـش حسێن عەلی تۆپێکی لە ستونی گۆڵدا، بەڵام لە ئاکامدا نیوەی یەکەم هیچ گۆڵێک تۆمار نەکرا.
لە تایمی دووەمدا، کوڕانی کاساس لەسەر ئاستە بەرزەکەیان بەردەوامبوون و هێرش لەدوای هێرش دەیانبردە سەر گۆڵی فلیپین، لە ئەنجامیشدا موهەند عەلی بە ئەسیستێکی جوانی ئەمیر عەماری گۆڵی یەکەم و بردنەوەی عێراقی تۆمارکرد.
سەرەنجام عێراق یارییەکەی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە سودی خۆی کۆتایی پێ هێنا.
عێراق یاری داهاتووی لەگەڵ هەمان هەڵبژاردە هەیە لە 26 ئەم مانگە.
