عێراق هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕتر دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکات هێرشەکەی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دەرەوە دووپاتی كردەوە كە حكوومەت پەیوەندییەكانی چڕ و پڕی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەڕێوە بردووە و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی خۆی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستێوەردان و ناچاركردنی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژكارییەكانی دژ بە ئێران چڕتر كردۆتەوە. ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوامی شەڕەكە مەترسی لەسەر ئاسایشی تەواوی ناوچەكە دروست دەكات.
هیشام عەلاوی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری پلاندانانی سیاسی لەلێدوانێکی بۆ میدیای فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: عێراق ساڵانێكە گرنگی بە كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە و بەرزكردنەوەی سەقامگیری ناوچەكە دەدات، ئێمە نیگەران بووین لە كاردانەوەی نەرێنی و كاریگەرییەكانی دوای ڕووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر، ئەو ڕووداوانەی دوای شەڕی غەززە، درێژبوونەوەی بۆ لوبنان و سوریا، و دواتر دەستدرێژی زایۆنیستەكان بۆسەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
ووتیشی: عێراق نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و دەستدرێژییە بەردەوامەكانی زایۆنیستەكان لە ناوچەكە هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەكات. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە عێراق لە ڕێگەی جۆربەجۆرەوە هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ناچاركردنی قەوارەی زایۆنیستی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەكانی دژی ئێران و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و چالاككردنی كەناڵە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی پرسە گرنگەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.
عەلاوی ڕوونیشیكردەوە : عێراق لە چەند ئاستێكدا پەیوەندییەكانی ئەنجامداوە، بەتایبەتی كە دوای میوانداریكردنی لوتكەی عەرەبی، سەرۆكایەتی دانیشتنی ئێستای كۆمكاری عەرەبی دەكات،پەیوەندی لەگەڵ میسر، ئوردن، و وڵاتانی كەنداو هەیە، جگە لە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی،بەیاننامەیەكی هاوبەش دەرچوو، بە واژۆی بیست وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی.
