عێراق و قەتەر پابەندبوونی خۆیان بۆ پێشگرتن لە فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا دووپات دەکەنەوە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و سوڵتان بن موبارەک کوبەیسی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەری ئاشتیانە و پێویستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان کردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازی کرد لە باڵیۆزی قەتەر لە عێراق سوڵتان بن موبارەک کوبەیسی.
وتیشی لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی ناوچەیی کرا، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دانوستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە، بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان.
هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی غەززە، و بەردەوامیی ئەنجامدانی جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی لە لایەن قەوارەی زایۆنی"ـەوە کرا و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕاگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەکان و ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خەڵکی کەرتی غەززە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی هاوکاری و کاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکان کرایەوە، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی دەرفەتەکانی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات.
