عێراق و لوبنان هەماهەنگی هەوڵە ئەمنییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پەرۆشی عێراقی بە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ لوبنان بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بكات و پاڵپشتی سەقامگیری و ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی لوبنان بكات دووپاتكردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع گەیشتووە ڕایگەیاندووە : محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لوبنان لیوا حەسەن شەقیر كرد.
لە بەیاننامەكەدا ڕوونی كردەوە : كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە میكانیزمەكانی پەرەپێدانی هاوكاری ئەمنی نێوان هەردوو وڵات كراوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان، تاوانە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، و هەماهەنگی هەواڵگری، كە بەشدارە لە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی سەقامگیری ناوچەكە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە سەرۆك وەزیران جەختی لە پابەندبوونی عێراق بە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بە شێوەیەك كردەوە كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات و پاڵپشتی لە سەقامگیری و ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی لوبنان بكات، ئاماژەی بەوەشكرد : گرنگی بەرزكردنەوەی هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان و گەیشتن بە ئاسایش لە سەرتاسەری ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لوبنان ستایشی هەڵوێستە پاڵپشتییەكانی عێراقی بەرامبەر وڵاتەكەی لە هەموو ئاستەكاندا كرد، جەختیكردەوە گرنگی یەكخستنی هەڵوێستەكان و هەماهەنگی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری.
