عێراق و واشنتۆن کاردانەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەلەب لەسەر ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ جۆشوا هاریس، وهەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری حەڵەبیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، پێشوازی لە باڵیۆز جۆشوا هاریس، وهەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازە جێبایەخەکاندا کرا.
هەروەها هاتووە: هەردوولا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، بە جەختکردنەوە لەسەر بارودۆخی سووریا و بەتایبەتی گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری حەڵەب و مەترسییەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ڕوونیشیکردەوە: دیدارەکە باسی لە هەنگاوە سیاسییە بەردەوامەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت کرد، لەگەڵ ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر دیمەنی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە هەیانە
