فەخری کەریم بەرێوەبەری دامەزراوەی مەدا لە هەوڵیکی تیرۆرکردن رزگاریبو
دامەزراوەی مەدا رایگەیاند، فەخری کەریم بەرێوەبەری دامەزراوەکە و کەسایەتی دیاری عێراق لە هەوڵیکی تیرۆرکردن لە ناوچەی قادسییە لە ناوەڕاستی پارێزگای بەغدا رزگاریبو، ئەوەش دوای ئەوەی هێزێکی چەکداری نەناسراو رێگریان لە فەخری کەریم کرد و دەستدرێژی گولـلەیان کردە سەری، داوا دەکەن لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە بکرێت و تاوانباران رادەستی دادگا بکەن.
دامەزراوەی مەدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، فەخری کەریم سەرۆکی دامەزراوەی مەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی عێراقی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەوڵیکی تیرۆرکردن لە ناوچەی قادسیە لە شاری بەغدا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە رزگاریبو.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەوڵی تیرۆرکردنی فەخری کەریم بە دیاریکراوی لە کاتژمێر 9:00ی شەوی ئەمڕۆ بوە، تێیدا چەند چەکدارێکی نەناسراو کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بیکابیان پێبوە رێگەیان لێگرتوە و دواتر دەسترێژی گولـلەیان کردوەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و هەڵهاتون.
ئەوەشخراوەتەڕو، هەوڵی تیرۆرکردنی فەخری کەریم ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێزێکی تاریکی دواکەوتو کە بەرپرسە لە وێرانکاری ئێستای عێراق، دڵخۆشن نین بە بینینی عێراقییەکان و بەشداریکردنیان لە بۆنەیەکی گەورەی رۆشنبیری کە بریتییە لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب، کە چەند رۆژێکە لە بەغدا کراوەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەی دامەزراوەی مەدا باس لەوەشکراوە، بۆیە سەرکۆنەی ئەو هەوڵی تیرۆرکردنە دەکەن و داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی خیرا لەسەر روداوەکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی تاوانباران رادەستی دادگا بکرێن.
