قوباد تاڵه‌بانی: نابێت له‌وه زیاتر هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێت
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتی فڕه‌نسا له هه‌ولێر رایگه‌یاند، "پێویسته له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و نابێت له‌وه زیاتر پرۆسه‌كه دوا بكه‌وێت".
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ یان برێم كونسوڵی گشتیی فڕه‌نسا كۆبۆوه و له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستان و چۆنییه‌تی گه‌شه‌پیدانی ئابوری هه‌رێم و چه‌ند پرسێكی دیكه گفتوگۆیان كرد.
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چو، سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردن، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر پێویستیی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد له‌و واده‌یه‌ی كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه دیاری كراوه و رایگه‌یاند، "نابێت له‌وه زیاتر هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا قسه له‌سه‌ر دۆخی ئابوری و چۆنییه‌تی گه‌شه‌پێدانی ئابوری هه‌رێم كرا، له‌مباره‌یه‌وه قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به ستراتیژی به‌هێزكردنی كه‌رتی تایبه‌ت كرد و رایگه‌یاند، "هه‌مو ڕێوشوێنێكی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر بۆ كارئاسانیكردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران له كه‌رتی تایبه‌ت به تایبه‌تیش وه‌به‌رهێنان له كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاریدا".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هانی وه‌به‌رهێنه‌ران بدرێت كه له قه‌زا و ناحییه‌كانیش وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و وتیشی، "به‌بێ گه‌شه‌پێدانی هاوسه‌نگ له شار و ناوچه جیاوازه‌كاندا، ناتوانرێت ژێرخانێكی ئابوری به‌هێز بونیاد بنرێت و گه‌شه‌پێدانی راسته‌قینه‌ش رونادات".
هه‌ر له كۆبونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی سوپاسی حكومه‌ت و وڵاتی فڕه‌نسای كرد كه له قۆناغه جیاوازه‌كاندا هاوكاری هه‌رێمی كوردستانیان كردوه و داواشیكرد بۆ له‌مه‌ودواش به تایبه‌ت له بواری گه‌شه‌پێدانی ئابوری‌دا حكومه‌تی فڕه‌نسا له‌ڕوی دابینكردنی راوێژكاره‌وه هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات.
