قوباد تاڵەبانی: سەرەداوی باشمان لەسەر کەیسی نیاز دەرگەڵەیی دەستکەوتووە
قوباد تاڵەبانی دڵنیاییدایە کەسوکاری نیاز دەرگەڵەیی کە سەرەداوی باشیان دەستکەوتووە بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لە بنەماڵە و کەسوکاری شەھید نیاز دەرگەڵەیی و دڵنیای کردنەوە کە؛ "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کەیسی تیرۆرکردنی شەھید نیاز" و رایگەیاند: "سەرەداوی باشمان دەستکەوتووە بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە". هەروەک دەڵێت: "بنەماڵەی شەھید نیاز دەرگەڵەیی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن و لەناو ریزەکانی یەکێتی خزمەتێکی زۆری گەلی کوردیان کردووە و بەھەموو شێوەیەک ھاوکار و پشتیوانیان دەبن".
مانگی ئابی ئەمساڵ، نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە رانیە تیرۆرکرا، کە بە وتەی پۆلیسی راپەڕین، تەرمەکەی سێ فیشەکی پێوە بووە و پێش رووداوەکە نیاز دەرگەڵەیی بۆ حەوانەوە رووی لە باخەکە خۆی کردووە لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانی و ھیچ کێشەیەکی نەبووە.
