قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی سەربازی ئەمریکا کۆبووە
نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، قوباد تاڵەبانی لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برادلی کوپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا پرسی تیرۆرو چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کوردستان تاوتوێکران.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا کە شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەو لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەو مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بون، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی ئەمریکای کرد کە بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تری کوردستان و لەم دواییانەدا پێکەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەرکەوتویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەدا لەسەر پرسی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا، هەردولا هاوڕابون تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە لەسەر "گرنگی بەردەوامبونی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، تا لەلایەکەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەمو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت و لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری حکومەتی عێراق بن لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
