قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی گشتیی توركیا چەند پرسێکیان تاوتوێی کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەرمان تۆپجو كونسوڵی گشتیی توركیا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولای تاوتوێ كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە ئەرمان تۆپجو كونسوڵی گشتیی توركیا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە(5/2/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواگۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا كرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە: پێویستە هەموو لایەنەكانی ناوچەكە بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن.
لە تەوەرێكی دیكەدا باسی دۆخی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم كرا. لەم بارەیەشەوە، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی-دا و روونیكردەوە: كە تیمە تەكنیكییەكان گفتوگۆكانیان تەواو كردەوە و بەهیواین لە ماوەیەكی نزیكدا بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە لە ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانی هەرێمدابێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا: بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكان، هەنگاوی زۆر باش نراوە و لە دوای پەسندكردنی هەمواری یاسای بودجەش زەمینەی لەبار دروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكانی دیكەی نێوان هەرێم و بەغدا.
