قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد و تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە کۆبوونەوەکە کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر و کارسازی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی قوباد تاڵەبانی، هەروەها لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رۆئیا و پلانی خۆی بۆ تواناسازی گەنجان روون کردەوە و ئاماژەی بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و کارسازی تەرخان بکرێت، چونکە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ گەشەسەندنی بزنسە بچوکەکانی گەنجان لە کوردستان.
